کچی ماڵه‌وە

چۆنی، من ناوم ئاوازه‌. کچی ماڵه‌وه‌م. ئه‌مرۆ باسی پێشوازی میوانتان بۆ ئه‌که‌م له‌ سلێمانی.

هه‌ندێک میوان ته‌له‌فۆنم بۆ ئه‌که‌ن پێش ئه‌وه‌ی بێن به‌ڵام هه‌ندێک جار ته‌له‌فۆنم بۆ ناکه‌ن. ئه‌گه‌ر له‌پر بێن، ئه‌مه‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ نیه‌ چونکه‌ ئه‌توانم یه‌کسه‌ر چا ئا‌ما‌ده‌ بکه‌م دوایش نان ئاماده‌ بکه‌م. به‌ڵام ئه‌گه‌ر میوانه‌کان زۆر بن یان پیاویان له‌گه‌ڵ بێت، له‌وانه‌یه‌ تۆزێك نا‌خۆش بێت چونکه‌ ئاماده‌ کردنی خواردن بۆ کۆمه‌ڵێک ئاسان نیه و کاتی پێویسته‌‌.

ئه‌گه‌ر میوان له‌پر بێت، یه‌کسه‌ر ئه‌ڕۆمه‌ ژوورێکی تر و خۆم ئه‌گۆڕم. ماکسییه‌کی جوان له‌به‌ر ئه‌که‌م، نه‌ک شتێکی کۆن یان کورت. پێویست ناكات جلی ده‌ره‌وه‌ له‌به‌ر بکه‌م ته‌نها شتێکی ساده‌ له‌به‌ر ئه‌که‌م له‌ کاتێکی ئاسایدا. به‌ڵام له‌ کاتی جه‌‌ژناندا خه‌ڵکی کوردستان جلی تایبه‌ت له‌به‌ر ئه‌که‌ن له‌ ماڵه‌وه‌.

کاتێک میوان یێت بۆ ماڵمان، پێیان ئه‌ڵێم

(به‌خێر بێن! به‌خێر بێن! فه‌رموون، وه‌رنه‌ ژووره‌وه‌! دانیشن!)

ئه‌وان ئه‌لێن

(بژیت! سوپاس.)

من ڕێزێکی زۆر له‌ میوان ئه‌گرم و ڕووخۆشم له‌گه‌ڵیان.

له‌هه‌مان کاتدا به‌ یه‌کتری ئه‌ڵێین

(چۆنن؟ باشن؟ ئه‌حواڵتان چۆنه‌؟ بۆ دیار نیین؟)

وه‌ڵامی‌ یه‌کتری ئه‌ده‌ینه‌وه

(باشین، سوپاس. هه‌مومان باشین بژیت. سه‌لامه‌ت بیت.)‌

من ئه‌وان ئه‌به‌م بۆ ژووری دانیشتن یا له‌ هه‌مان ژوور دائه‌نیشین یان له‌ حه‌وشه‌ دائه‌نیشین.

ئه‌لێم

(دانیشه‌!) یان (دانیشن!) بۆ زیاتر له‌ یه‌ک که‌س. ده‌ست ده‌که‌ین به‌ قسه‌کردن له‌ باره‌ی خێزانه‌که‌ی ئه‌وان یان ته‌ندروستیان. ئه‌گه‌ر پیاوێک بوو به‌ ته‌نها، ئه‌لێم.

(خێزانه‌که‌ت و منداڵه‌کانت چۆنن؟)

هه‌ندێک جار ئه‌لێم

(دایکت چۆنه‌؟)

ئه‌گه‌ر ژنێک بێت به‌ بێ منداڵه‌کانی ئه‌لێم

(مێرد و منداڵه‌که‌ت چۆنن؟) (دایکت چۆنه‌؟)

ئه‌گه‌ر کچ بێت ئه‌ڵێم

(ماڵه‌وه‌تان چۆنن؟)

هه‌موومان به‌ یه‌كتری ئه‌ڵێین

(بۆ دیار نین؟ بۆ له‌ که‌س ناپرسنه‌وه؟)

ئینجا ئاویان بۆ ئه‌هێنم. ئه‌گه‌ر هاوین بێت، ئه‌بێت ئاوه‌که‌ زۆر سارد ‌بێت، یان شه‌ربه‌تیان بۆ ئه‌هێنم، یان ساردیان بۆ ئه‌هێنم. ئه‌گه‌ر عه‌سر بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر مانه‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌ندێک جار چا له‌گه‌ڵ کولیچه‌یان بۆ ئه‌هێنم یان گوڵه‌به‌رۆژه ده‌هێنم. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ ئاماده‌ نه‌بو، ئه‌وه‌ میوه‌ (شوتی، کاڵه‌ک، سێو...). ئه‌گه‌ر هه‌بوو ئه‌یهێنم‌.

دوای دانیشتن و قسه‌ کردن. ئه‌گه‌ر ویستیان بڕۆن پێیان ئه‌لێم

(دانیشن، ئه‌م شه‌و لێره‌ بن. حه‌ز ئه‌که‌م لێره‌ بن.)

ئه‌وانیش ئه‌لێن

(سوپاس. زۆر دره‌نگه‌ ئه‌بێت بڕۆین).

هه‌ندێک جار ژنه‌کان ده‌ڵێن

(منداڵمان به‌ جێ هێشتوه‌. بڕۆینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ باشتره‌. ئه‌بێت بڕۆینه‌وه‌. ماڵتان ئاوا بێت. خوا حافیز)

ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ بۆ شه‌و بمێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت خواردن ئاماده‌ بکه‌ین، ئه‌بێت بزانین چه‌ند که‌سن. ئه‌گه‌ر زۆر بوون ئه‌بێت برنج و شله‌ی زۆر‌ ئاماده‌ بکه‌ین ئه‌گه‌ر هه‌بوو مریشک یان گۆشت ئاماده‌ بکه‌ین. ئه‌گه‌ر نه‌بوو، ته‌نها برنج و شله‌. دوای نانخواردن میوانه‌کان دائه‌نیشن چایان بۆ لێ ئه‌نێن. دوای چاخواردنه‌وه‌ و قسه‌کردن. هه‌ندێک جار ئه‌چینه‌ ‌به‌ر ته‌له‌فیزیۆن. پاشان ئه‌گه‌ر میوه‌ هه‌بێت میوه‌یان‌ بۆ ئه‌هێنم.

کاتی خه‌و جێگه‌ دائه‌خه‌ین. ژنه‌کان به‌ جیا‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌یان زۆر بوو. ئه‌گه‌ر یه‌ک خێزان بوو ئه‌وه‌ هه‌مویان پێکه‌وه‌ له‌ یه‌ک ژوردا‌ ئه‌خه‌ون.

بۆ کاتی ته‌والیت ژنه‌کان پرسیارم لێ ئه‌که‌ن

(ته‌والیت له‌ کوێیه‌؟)

منیش پشانیان ئه‌ده‌م.

بۆ به‌یانی تۆزێك زووتر هه‌ڵئه‌ستم له‌ خه‌و. نانی به‌یانی ئاماده‌ ده‌که‌م: نان و چا، ماست، یان په‌نیر، یان هێڵکه‌... . دوای ئه‌وه‌ هه‌ستان له‌ خه‌و، نان ده‌خۆن، خۆیان ئاماده‌ ده‌که‌ن بۆ ڕۆیشتن. دوای ئه‌وه‌ ئه‌لێن

(خوا حافیز و ماڵتان ئاوا بێت.)

من ئه‌ڵێم

(حه‌ز ئه‌که‌م ئه‌م شه‌ویش لێره‌ بمێنمه‌وه‌.)

ئه‌وانیش ئه‌ڵێن

(ئه‌بێت بڕۆین. ماڵه‌که‌مان چۆڵه‌ .خوا حافیز.)

منیش ئه‌ڵێم

(باشه‌، خوا حافیز.)

میوان دوباره‌ ئه‌ڵێن

(خوا حافیز! ئه‌زیه‌ت مه‌کێشه‌، مه‌یه‌ ده‌ره‌وه!)

من ئه‌ڕۆم بۆ ده‌رگاکه‌ی ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵیان.

به‌ یه‌كتری ئه‌ڵێین

(خوا حافیز! خوا حافیز!)‌